رامۆس داوایەك لە هاندەرانی ریال مەدرید دەكات


كوردپرێس

سێرجیۆ رامۆسی بەرگریكار و كاپتنی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی داوای لە هاندەرانی یانەكەی كرد چوارشەمی داهاتوو لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ هانیان بدەن لە یارییەكەی بەرامبەر یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی.

شەوی رابردوو یانەی ریال مەدرید لە گەڕی 23ی خولی ئیسپانیا بە ئەنجامی 5-2 گۆڵ لە یانەی ریال سۆسیدادی بردەوە.

رامۆس لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی (تویتەر) نووسیبووی "سوپاسی هاندەران دەكەم، ئێوارەی چوارشەم دووبارە بەیەك رەنگ (سپی) و یەك ئامانج (جام) بە یەكتر شاد دەبینەوە، بەیەكەوەش دەتوانین شتە مەحاڵەكان بكەین، هەلا مەدرید".

یانەی شاهانە چوارشەمی داهاتوو لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ یاری چوونی قۆناغی 16ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا بەرامبەر یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی ئەنجام دەدات.

رامۆس داوای لە هاندەرانی یانەی شاهانە كرد هەر لە دەستپێكی یارییەكەدا هانی تیپەكەیان بدەن بۆ ئەوەی سەركەوتن بەدەست بێنن، هەروەها ئەم یارییەشی بە یاریی وەرز دەستنیشان كرد.