دوو جۆر بەکتریا تووشبوون بە شێرپەنجەی کۆڵۆن زیاددەکەن


كوردپرێس



توێژینەوەیەکی نوێی ئەمریکی گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی دوو جۆر بەکتریا لە ریخۆڵە ئەستوورەدا بە هاوئاهەنگی کاردەکەن و کەسەکە تووشی شێرپەنجەی کۆڵۆن دەکەن.

توێژینەوەکە لەلایەن توێژەرانی زانکۆی (جۆن هۆپکینز) ئەنجامدراوە و لە جۆرناڵی زانستیی (Science) دا بڵاوبووەتەوە و گۆڤاری (نیوزویک) ئاماژەیپێکردووە.

ئەو دوو بەکتریایەی دەرکەوتوە تووشبوون بە شێرپەنجەی کۆڵۆن زیاددەکەن، بریتین لە: ئیشیریشیا کۆڵای  و بەکتیرۆیدیس فراجیڵیس.

ئیشیریشیا کۆڵای هانی روودانی بازدانی بۆماوەیی دەدات لە خانەکانی رووپۆشی ریخۆڵە ئەستوورە، هەرچی بەکتریای (بەکتیرۆیدیس فراجیڵیس)ـە، ئەوە ماددەی ژەهرین دەردەدات، هەردووک ئەم بەکتریایە پێکەوە هانی روودانی گۆڕانی شێرپەنجەیی دەدەن لە خانەکانی نێوپۆشی ریخۆڵە ئەستوورەدا.

شێرپەنجەی کۆڵۆن بڵاوترین جۆری شێرپەنجەیە لە کۆئەندامی هەرسدا و بەپێی خەمڵاندنەکان ساڵانە ملیۆنێک کەس تووشی دەبن و 715 هەزار کەس بەهۆیەوە دەمرن. پشکنینی پێشوەختە لە رێگای هەناوبینی ریخۆڵە (کۆڵۆنۆسکۆپی) رێگای هەرە سەرکەوتووە بۆ زوو دەستنیشانکردن و لەنێوبردنی شێرپەنجەکە. 

پزیشکان رێنمایی دەدەنە کەسانی ئاسایی لە تەمەنی پەنجا ساڵییەوە پێنج ساڵ جارێک کۆڵۆنۆسکۆپی ئەنجامبدەن، ئەوانەشی کەسێکی نزیکیان ئەم شێرپەنجەیەی هەیە، باشترە لە تەمەنی 40 ساڵییەوە کۆڵۆنۆسکۆپی ئەنجامبدەن بۆ زوو دەستنیشانکردنی هەر ئاماژەیەکی تووشبوون بە شێڕپەنجەکە.