كوردپرێس
ئامادەكاری بەمەبەستی ئەنجامدانی مەراسیمێكی بەرفراوان بۆ نەورۆزی ئەمساڵ لەسلێمانی دەستپێدەكات و بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری شارەكەش ڕایدەگەیەنێت: نەورۆزی ئەمساڵ جیاواز دەبێت و مەراسیمەكەش بۆماوەی یەك هەفتە بەردەوام دەبێت .
بابەكر دڕەیی، بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی ڕاگەیاند: پلانمان داناوە ئەمساڵ مەراسیمێكی گەورە بۆ جەژنی نەورۆز لەپاركی هەواری شار ئەنجام بدرێت، بەجۆرێك جیاواز بێت لەنەورۆزەكانی ساڵانی ڕابردوو، بۆ ماوەی هەفتەیەكیش بەردەوام دەبێت.
وتیشی:” هەموو جۆرە كارێكی هونەری و ڕۆشنبیری لەمەراسیمی نەورۆز پێشكەشدەكرێت، هونەرمەندانی هەرچوار پارچەی كوردستانیش تێیدا بەشدار دەبن و ئاهەنگی زۆر گەورەش بەڕێوەدەچێت”.
ئاماژەی بەوەشدا، یادی نەورۆز لەسلێمانی هەردەم بەشكۆوە یادی كراوەتەوەو ئەم جەژنەش هی هەموو لایەكەو دەبێت هەموومان هاوكارو پشتیوانی یەكتر بین بۆ ئەوەی جەژنەكە سەربەرزانە بكەینەوە كە ببێتە نەورۆزی هەڵسانەوەو جێگای دڵخۆشی و ئومێدی جەماوەری پایتەختی رۆشنبیری بێت.

