kurdpress
هەفتەی داهاتوو مووچەی مانگی 9ی وەزارەتی پێشمەرگە و لیوا یەكگرتووەكان دابەش دەكرێت.
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم ڕاگەیاند، پارەی وەزارەتی پێشمەرگە ئامادەیە و هەفتەی داهاتوو ڕادەگەیەنرێت و هەر ئەو هەفتەیەش دابەش دەكرێت.
وتیشی، "بەدیاریكراوی نازانرێت چی ڕۆژێك ڕادەگەیەنرێت، بەڵام ڕادەگەیەنرێت و دابەشیش دەكرێت".
سەبارەت بە یەكەكانی حەفتا و هەشتا و وەزارەتەكانی دیكە ڕونیكردەوە، جگە لە بڕە پارەیەكی دیاریكراو بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، هیچ پارەیەكی دیكە لەبەردەستدا نیە.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند، تا پێش تەواوبوونی ئەمساڵ مووچەی مانگی 9 دابەش دەكەن، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە مانگەكانی 10 و 11 و 12 بكات.
بەپێی دواین ئامارەكان حكومەتی هەرێم نزیكەی 7 ملیار دۆلار قەرزاری موچەی فەرمانبەرانە و نزیكەی دوو ساڵە پاشەكەوت لە موچەكانیان دەكات، سەرباری ئەوەی چوار مانگی موچەی ساڵی 2015یشی دابەشنەكردووە.

